شار و ئەرکی ڕێکخراوەکان

ساخت وبلاگ

شار و ئەرکی ڕێکخراوەکان

لە پاش بەرەو کۆتایچوونی ژیانی گەڕۆکی مرۆڤەکان و دروست بوونی شوێنێک بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان لە تەنیشت یەکتری بە ناو «شار» کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا؛ یەکەم شارەکان وەکوو هەولێری پێتەختی کوردستانی باشوور لە دەشتاییە پڕپیت و بەرەکەتەکانی مزوپۆتامیا بوون بە شوێنی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پاشانیش پەیدابوونی بەشێکی تازە بە ناو ڕامیاری لە ژیانی مرۆڤی ئەو سەردەمە و گەشەکردنیشی هەر بە هۆی ژیانی شارنشینییەوە بوو.

▪️ئێستا لە پاش تێپەڕبوونی هەزاران ساڵ لە ژیانی بەکۆمەڵی مرۆڤ ، «شار» بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی هەموو مرۆڤایەتی، بە ئەوانەشەوە کە بە ڕواڵەت لە گوندەکان دادەنیشن.

شار لە یەکەم خوێندنەوەیدا وەکوو مەڵبەندی بازاڕ و گەشەی ئابووری و گەشەی ڕۆشنبیری و شوێنێک بۆ بەرەوپێشچوونی زانست دەرکەوتووە و پێناسە کراوە؛ بەڵام لە ڕاستیدا و لە ڕوانگەی شارناسانەوە «شار» وەکوو شوێنی چەمکە مرۆییە کۆمەڵایەتییە دژبە یەکەکان پێناسە دەکرێت و ئەوەش لە ڕواڵەت و سیمای شارەکانڕا دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت. ئێستاکە شار لە لەیەک ناوەندی گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتوری، فەرهەنگی و ڕامیاری و لانکی پێشکەوتن، پیشەسازی، بیرکاری و فەلسەفە و هۆشی دەسکرد و داهێنان و گەشەی هونەر و موسیقا و دەرکەوتنی هەموو جوانییەکانە و لە هەمان کاتدا شار بووەتە مەڵبەندی کەڵەکەبوونی کێشە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤی شارنشین و بێسەرەوبەرەیی کۆمەڵایەتی، زیادبوونی هەموو جۆرێک تاوان، جەنایەت، لەشفرۆشی، بێڕەحمی، دڵڕەقی و هەژاری و نایەکسانی و لێکترازانی شیرازەی بنەماڵەکان و هتد

▪️مرۆڤی هاوچەرخ بە بێ شار بە باشی ناژیێت و گوزەران ناکات و کەوایش بوو ناتوانێ لە هەمبەر کێشەکانی ناو شاریش کەمتەرخەم و بێدەنگ بێت، مەگەر ئەو کەسانەی کە دەبەنگ بن و بەشێک بن لە کێشەکان(وەکوو تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان و چەتە و ڕێگر و دزەکان) و بشێوی شار بەرژەوەندی ئەوانی تێدا بێت.

▪️ئەمڕۆکە داهێنانەکانی مرۆڤی شارنشین لە هەموو بووارەکاندا دەبینرێن و بەرچاون. هەر لە شاردایە کە بە هۆکاری کۆبوونەوەی هەموو هزر و کەرەستە پێداویستییەکان لە تەنیشتی یەکەوە، زانستەکانی ئابووری و بازاڕ و پیشەسازی و کۆمەڵایەتی گەشە دەکەن و پاشان دەکەونە خزمەت دانیشتوانی شار و دێهاتەوە.

▪️دەزگا و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان لە شارەکاندا چەقیونەتە ناخی ژیانی خەڵکەوە و لە زۆر بوواریشدا بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر وەکوو کەمی و نۆقسان یان نەبوونی چاوەدێریی یاسایی تووشی گەندەڵی دەبن و ژیانی مرۆڤ دەخەنە بەر مەترسی. هەر لە بەر ئەو کەلێنە بوو کە مرۆڤی شارنشین دیسانەوە دەسبەکار بوو و بۆ چاوەدێری زیاتر لە سەر دام و دەزگا و ناوەندە حکومییەکان ، ڕێکخراوەی مەدەنی جۆرواجۆری وەکوو ژینگەپارێزی، ئەدەبی، کەرتی، کرێکاری، هونەری و هتد دامەزراند تاوەکوو هەم چاودێری ئەرکی حکوومەت لە هەموو بەشەکانی بێت و هەمیش یارمەتیدەری حکوومەت بێت بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی خۆی کە لە خزمەتکردنی باشتری گەلدا بەرجەستە دەبێت.

ئەمڕۆکە #ڕێکخراوە_مەدەنی یەکان لە سەرتاسەری شارەکانی جیهان دەوری ئەرێنی یەکلاکەرەوە دەبینن لە ژیانی مرۆڤی سەردەمدا و قورسایی هەر کام لە ڕێکخراوەکانیش پەیوەستە بە ئاستی وشیاری خەڵک و ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێکخراوانەوە.

هەروەها کە ئاماژەی پێدرا ئەمڕۆکە بەدەر لە مرۆڤە دەبەنگەکان، کەسیتر ناتوانێ خۆی لە کێشەکانی شار ببوێرێت و بدزێتەوە، تا چ بگاتە ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە ئەرکی قورستریان لەسەر شانە.

ئەگەر بێینە سەر باسی شارەکانی کوردستان، ئەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین:

١- خاکی کوردستان یەکێک لەو شوێنانەیە کە سەرچاوەی دەرکەوتنی ژیانی شارنشینی و شارستانییەت بووە لە ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. بڕێک لە شارەکانی کوردستان وەکوو هەولێر(٦هەزار ساڵ بەری زایین)، دیلۆک(٣هەزار و ٥٠٠ ساڵ بەری زایین) و کەرکووک(٢هەزار و ٢٠٠ ساڵ بەری زایین) لە ڕیزبەندی ٢٦ شاری کۆنی جیهان لە ڕیزبەندیی ساڵی ٢٧٢٣ دا بە ڕیز لە پلەی ٤ و ١٤ و ٢٠هەمیندا ناسراون. شایانی باسە کە ئاتێن لە یۆنان و ئەستەموڵ لە تورکیا پلەی ٦ و ٨هەمیان پێدراوە کە هەولێر زۆر لەوان کۆنترە.

٢- لە ڕۆژهەڵاتی خاکی کوردستان واتا بەشی ئێران شارەکانی سەقز، ئیلام، بیجاڕ و مەهاباد و سنە و کرماشان مێژینەی کۆنیان هەیە و بڕێک شوێنیتر پاشان بوونەتە شار. لە نێویاندا #شاری_مەریوان سەرەڕای ئەوەی کە مێژینەی بەشاربوونی سەردەمیانەی لەپاش قەڵای هەڵۆخان ناگاتە ١٣٠ ساڵ، بەڵام بە هۆی هەڵکەوتەی جۆگرافی و کەش و هەوای لەبار و دیمەنە جوان و دڵڕفێنەکانییەوە و هەر وەها بە هۆی شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی ئێران و عێراقەوە، حەشیمەتی زۆر و فرەڕەنگی لەخۆ گرتووە و ئەوەش بووتە هۆکارێک بۆ گەشەی فەرهەنگی پێکەوەژیان و پێکەوەلکان و پێکەوە کارکردن و ڕێکخراوەی جۆراوجۆری تێدا پەیدا بووە و #مەریوانی کردووە بە #شاری_ڕێکخراوە_مەدەنییەکان.

٣- هەروەها هەڵکەوتەی جۆگرافی و نزیکبوونی مەریوان لە #سنووری_باشماخ ئەو شارەی لە لایەک کردوەتە مەڵبەندێکی ئاڵۆزی بازرگانی و پڕ لە قەیرانی تێکهەڵکێش و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی هەڵاواردنی گەلی کورد هەر لە سەردەمی حکوومەتی ڕەزاشای ئێرانەوە، بە جۆرێک کەوتوەتە ژێر چاوەدێری ئەمنی و سەربازییەوە کە لە پەنای ئاوەها ڕپۆشەیەکدا، بە داخەوە ناحەزان و گەندەڵان دەرفەتی ئەوەیان قۆزیەوتەوە بۆ خافڵاندنی لایەنی دەسەڵات و بوونەتە هۆکارێک بۆ تێکدانی ڕواڵەتی شارستانییەتی ئەو شارە و تا ئێستاش کەمتەرخەمی و ناشارەزایی تازەشارنشینەکان و نەبوونی پلانێکی تۆکمەی یەکانگیر لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئەو شارەوە هۆکارن بۆ ئەوەی کە مەریوان ببێتە جەولانگە و گۆڕەپانی ڕمبازێنی گەندەڵان و شاری مەریوانیان بەجۆرێک بەرەو وێرانی بردووە کە ژیانی شارستانیانەی تێدا قەتیس ماوە.

زمان؛ دایکی یان زگماکی؟...

ما را در سایت زمان؛ دایکی یان زگماکی؟ دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : jiname بازدید : 28 تاريخ : چهارشنبه 6 دی 1402 ساعت: 15:54