پیاوە گەورەکەی کورد

ساخت وبلاگ

یکشنبه بیست و نهم اسفند ۱۴۰۰ | 0:0 | مدیر وبلاگ -

پیاوە گەورەکەی کورد

چلۆن ژیا و چ وەسیەتێکی بۆ گەلەکەی خۆی کرد.

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە

جێژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە هاتەوە

پیرەمێردی نەمر لە وەسێتنامەیەكدا، دەڵێت: "ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەكە مەفەوتێنن، قەلەندەرخانەكە تێكمەدەن، ڕۆژنامەكەش لەدەست مەدەن، مزگەوتی هەمزە ئاغاش فەرامۆش مەكەن چونكە یادگاری باپیرمە، شێعر و نووسینەكانم كۆبكرێتەوە و مەیفەوتێنن سودی لێدەبینرێت، لەگردی مامەیارەش بمنێژن، بۆم مەگرین، ئەگەر بیرتان كردم جار جار سەرێكم لێبدەن.!".

ئەوەی رێی بكەوێتە ماڵەكەی پیرەمێرد، كە دەكەوێتە گەرەكی سابونكەرانی سلێمانی و تەنیشت گۆرەپانی پاسەكانی ڕزگاری، چاوەكانی پڕ دەبێت لە فرمێسك و قوڕگی پڕدەبێت لە گریان چونكە لە ماڵێكی چۆڵ وهۆڵ زیاتر هیچ تر نابینیت.


ئەم خانووە، تا چەند ساڵێك پێش ئێستا ڕوخابوو، ببوو بە كەلاوە، بەڵام دواتر لە لایەن سەرمایەدارێكی سلێمانیەوە بە چاودێری دایەرەی شوێنەوارەکان نۆژەن كرایەوە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو ماڵەی كە پیرەمێرد شاكارەكانی تێدا دەنووسی ئێستا، چۆڵە و تەنانەت كەل و پەلەكانیشی تێدا نەپارێزراوە.

پیرەمێرد زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەكاری لە توركیادا بەسەر بردبوو و لەوێ ژنێكی ھێنابوو دوو كوڕی بە ناوەكانی (نەژاد و وەداد)ی ھەبوو. لەو كاتەدا بنەماڵەكەی لە سلێمانیەوە دەست ئەكەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشكەزای گەلێ نامەی بۆ ناردووە و داوای گەڕانەوەیان لێكردوە كە بگەڕێتەوە بۆ كوردستان. بەھۆی شۆڕشی كورد لە توركیا و تێكچوونی ئارامی و بەھۆی ئەوەی كە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی كۆمەڵەی كورد بوو ، لە ساڵی ١٩٢٣ ، پیرەمێرد ژن و منداڵەكانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەھێڵێت و لە ڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان.

لەو كاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێك بڵاودەكاتەوە:

   پیرەمێرد، جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا كە بیست و سێ ساڵە لە وەتەن دوور كەوتۆتەوە، شەوی ٣٠ی كانونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەكەتەكەمان، بە قدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵین، بەناوی ھەموو ھاوڵاتییەكەوە بەخێرھاتنی دەكەین.

بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا، لە شارەكەی خۆیدا ونە، گۆرەكەی لە مامە یارەیە و ماڵەكەی لە گەرەكی سابوونكەرانە و چاپخانكەشی لە مۆزەخانەی ئتنۆگرافی سلێمانی پارێزراوە. كە دەبوو چاپخانەكەی و كەل و پەلەكانی لە هەمان ماڵدا بپارێزرایەوە وەك مۆزەخانەیەكی رۆژانە خەڵك سەردانی بكردایەت.

مستەفا ساڵح كەریم خاوەنی كتێبێكە لە سەر پیرەمێرد، دەربارەی ئەم خانووە دەڵێت:" پیرەمێرد 1925تا 1950 لەوێدا ژیاوە، چاپخانەكەی و ئەو كەلوپەلانەی كەماوە ئێستا لە مۆزەخانەی ئەتنۆگرافی كە دەكەوێتە شەقامی نالی نزیك ئەسحابە سپی  لەوێ هەڵگیراون". 

لەدایكبوونی و سەرەتای ژیانی

پیرەمێرد، ناوی (تۆفیق مەحمود ھەمزە)یە، ئەم شاعیر و رۆژنامەنووسە مەزنە، لە ساڵی ١٨٦٧ی زاینی بەرامبەر بە ١٢٨٨ی كۆچی، لەشاری سلێمانی چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە،

رۆژی ١٥/٦/١٩٥٠ رۆژنامەی ژیان ژمارە (١٠١٥) دەرچووە، كە واچاكە پێی بوترێت (ژمارەی ماڵئاوایی)، چونكە ئیتر لەو رۆژە بەدواوە، لەباریی ساخڵەمی یەوە پیرەمێرد بەرەو خراپی چوو، بۆیە لەو سێ رۆژەی كۆتایی ژیانیدا چی بەبیرداھات بەناوی (وەسیەتنامە)وە نووسییەوە.

بەو پێیەی پیرەمێرد تا دوارۆژی ژیانی بە رۆژنامەگەرییەوە خەریك بوو، تا لە ١٩/٦/ ١٩٥٠ لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كردووە و لەسەر خواستی خۆی لەگردی مامەیارە نێژراوە، كە جاران مەڵبەندی ئاھەنگ گێڕانی جەژنی نەورۆز بوو

وەسیەتنامەكەی پیرەمێرد

ئەمجارە ئەمرم، لەمردن ناترسم، ژیانێكی باش و عومرێكی درێژم رابوورد، گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورەو پادشاھانم دیوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتووە، بەنیوە خوێندەواری لەسلێمانی دەرچووم و خوێندنێكی بەرزم ھێنایەوە، بەسەربەرزیی دەزانم كە لەڕێی باوەڕی خۆمدا حەپس و زیندانێكی زۆرم دیوە. لەم وڵاتەدا دوو چاوم ھەبووە، یەكێ‌ (زانستی) و یەكێ‌ (ژین)، ئێستا كە ئیتر لەوانەیە كەڵكی خزمەتم پێوە نەمێنێ و ببم بەبار بەسەر خەڵكەوە، روو ئەكەمە قاپی ئەبەدی، روو ئەكەمە قاپی ئەبەدی بەبێ‌ ئەوەی كە ماڵی كەسم خواردبێ، موحتاجی كەس بووبێتم، ھیچم پاشەكەوت نەكردووە، ھیچیشم لەدوا بەجێنەماوە، چاوم لەدوای خۆم نییە، خۆم بە ئاخر خێر ئەزانم، ھەرچەندە یەكانە ھیوام ئەوە بوو كە ببینم قەوم و میللەتەكەم پلەیەك لەمە بەرزتر و خوێندەوارترو پێگەشتووتربن، بوو بەگرێ‌ و لەدڵما و نەمدی، لەگەڵا ئەوەشدا بەختیارم، چونكە بۆم دەركەوت كە قەوم و میللەتەكەم لەپێشكەوتنان و ھەمووجۆرە توانا و قابیلیەتێكیان تێدایە، ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن، كوڕ و كچ تاخوێندەوار نەبن بێسودە، ھەموو شت بەعیلم و فەنەوەیە وەكو وتومە:

لای من بەخوێندەوارییە، ئاە خوێندەوارییە/ ھەر میللەتێ‌ كە فەنی نەبێ‌ دەردی كارییە/ ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەك من ئارەزوو ئەكەم/ بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی كفنەكەم.

ئامۆژگاریم ئەوەیە بەشوێن ماددە مەكەون، دنیا زۆر بەگران مەگرن، تائەتوانن خزمەتی راست و بێ‌ موقابیلی قەوم و زمان و وڵاتەكەتان بكەن و دەستی داماوان بگرن و لەدین لامەدەن، خواو پێغەمبەری خۆتان بناسن و رەوشتتان پاك و خاوێن بێ‌. ئامۆژگاریم ئەوەیە چاپخانەكە مەفەوتێنن، ئەم قەلەندەرخانەیە تێكمەدەن، ئەو یەك دوو كەسانەی ئەم بەینە لەم قەلەندەرخانەیەدا خۆیان داوەتە پەنای من، بێنازیان مەكەن حەقیان بەسەرمەوەیە. رۆژنامەكەش لەدەستمەدەن، چاپخانەكە ئیش پێبكەن، چونكە لەلایەكەوە ناكوژێتەوەو خزمەتی پێئەكرێت، لەلایەكی تریشەوە ئەو جیھەتەی من یارمەتیم داون، بەڵكو بەھۆی ئیشكردنی چاپخانەكەوە ئەو یارمەتییەیان لێنەبڕێت. ئامۆژگاریم ئەوەیە كە شیعر و نووسینەكانم كۆكرایەوە مەیفەوتێنن، ئیستیفادەی لێئەكرێت، ئامۆژگاریم ئەوەیە (لەگردی یارە) بمنێژن، بۆم مەگرین، ئەگەر زۆر بیرتان كردم جارجارە سەرم لێدەن، فائق ئەم ئامۆژگاریانەم بۆ تۆیە و بۆ ئەو كەسانەیە كە بەتەنگمەوەن.

لێرەدا با لە خۆمان بپرسین: ئایا ئێمە دوائامۆژگارییەکانی پیاوە مەزنەکەی کوردمان لەبەر چاو گرتووە ؟!

زمان؛ دایکی یان زگماکی؟...
ما را در سایت زمان؛ دایکی یان زگماکی؟ دنبال می کنید

برچسب : نویسنده : jiname بازدید : 151 تاريخ : شنبه 25 تير 1401 ساعت: 0:37